سەردێڕ:

سزای زیندانیکردن بۆ بەرپرسێکی باڵای کەرکوک دەرکرا

PM:03:58:01/09/2026

784 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، دەستەی دەستپاکی عێراق، دوو بڕیاریی زیندانیکردنی بۆ جێگری پێشووی بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی کەرکوک دەرکرد.


ئەمڕۆ سێشەممە ١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکی بڵاویکردەوە، دادگای تایبەتمەند دوای لێکۆڵینەوەکان، دوو بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەو بەرپرسەی پێشووی تۆماری خانوبەرەی کەرکوک دەرکردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سزای یەکەمیان لەسەر ئەو تاوانە بووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەدا، لەرێگەی دروستکردنی نووسراوێکی خاوەندارێتیی ساختە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کەرکوکەوە، مامەڵەی فرۆشتنی موڵکێکیان بۆ دوو هاوڵاتی ڕاییکردووە.

هەروەها سزای دووەمیشی بەهۆی ئەوەوە بووە کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیبووە، بەرپرسیار بووە لە ونبوونی دۆسیەی موڵکێکی تۆمارکراو بەناوی شارەوانیی کەرکوکەوە، ئەوەش زیانی گەورەی بە سامانی دەوڵەت گەیاندووە. دوای بینینی بەڵگە و سەلماندنەکان، دادگا گەیشتووەتە بڕوای تەواو بۆ سزادانی تاوانبارەکە و بڕیارەکانی بەپێی ماددەی (٣٤٠) و ماددەکانی دیکەی تایبەت بە بەشداریکردن لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.

پێشتریش لە دەی تەممووزی ڕابردوودا، دەستەی دەستپاکی دەرچوونی بڕیارێکی زیندانیکردنی توندی بۆ هەمان تاوانبار ڕاگەیاندبوو، کە بەهەمان شێوە زیانی بە سامانی دەوڵەت گەیاندبوو لە ڕێگەی ساختەکاری و ڕاییکردنی مامەڵەی فرۆشتنی موڵکێکی شارەوانیی کەرکوکەوە.













گەلەری