سەردێڕ:

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ چەکدارانی داعش ئاشکرا کرد

PM:03:17:01/09/2026

668 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەڵێت، دادگای کەرخ، لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی هەزاران چەکداری داعش کردووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان نەرێنین و چەکداری زۆر مەترسیداریان تێدایە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگدا لێکۆڵینەوە لە هەموو چەکدارەکان کراوە، دابەشبوون بەسەر بە ٦٧ ڕەگەزنامەی وڵاتانی جیاوازدا؛ سێ هەزار و ٤٩٧ چەکداریان سوورین، ٤٧٤ چەکداریان عێراقین، ئەوانی دیکەش ڕەگەزنامەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و بیانین.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی دادگا، چەکداری زۆر مەترسیدار و سەرکردەی پلەیەکی داعشیان تێدایە، لەنێو داعش بەرپرسیارێتی ئەمنی، سەربازی، ڕاگەیاندن، دارایی و لۆجستیکییان پێسپێردرابوو، هەندێکیان لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان تێوەگلاون، شەش چەکدار پەیوەندییان هەبووە بە تاوانەکانی ڕفاندن، دەستبەسەرکردن و فرۆشتنی کچانی کوردی ئێزیدی.

لێکۆڵینەوەکان لە نێوان دادگای کەرخ و ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەری نێودەوڵەتی ئەنجام دراون، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری سەربازی بەشداربوون.

ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت، ڕێکاری سەربەخۆ بۆ مێردمنداڵە دەستگیرکراوەکان گیراوەتەبەر، دوو دەستگیرکراوی فینلەندی و ئەمریکی ڕادەستی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە حەوت هاووڵاتی عێراقیش ئازاد کراون، ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی ٤٥٧ دەستبەسەرکراوی سوورش تەواو بووە، بۆ ئەوەش هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکراوەکان پارێزەر و چاودێریی تەندروستیان بۆ دابینکراوە، ڕێگە بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و باڵیۆزخانەکان دەدرێت سەردانیان بکەن.













گەلەری