سەردێڕ:

خانەقین؛ خۆپیشاندان نەکرا و فەرمانی گرتن بۆ ١٣ چالاکوان دەرچوو

PM:05:22:31/08/2026

776 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٣ چالاکوان، خۆپیشاندانی دژ بە سیاسەتی بەعەرەبکردن لە خانەقین هەڵپەسێردرا، هاوپەیمانیی ١٩ش داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیرکراوەکان دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، بڕیاربوو خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانە لە خانەقین دژ بە پێشێلکارییەکانی ماددەی ١٤٠ و سیاسەتی بەعەرەبکردن ئەنجامبدرێت، بەڵام لەلایەن رێکخەرانییەوە بۆ کاتێکی دیارینەکراو هەڵپەسێردرا، بەپێی زانیارییەکانی هاوپەیمانیی ١٩، بەو هۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٣ هاوڵاتیی دەرچووە و چەند کەسێکیش دەستگیرکراون، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێز لە ئازادی رادەربڕین بگرن و داواکارییە رەواکانی خەڵکی خانەقین جێبەجێ بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، جگە لەو ١٣ کەسە چەند هاووڵاتییەکی تریش دەستگیرکراون کە هۆکارەکانی دەستگیرکردنیان جێگەی سەرسوڕمانە، لەوانە هاوڵاتییەک کە تەنها نووسراوی سەر دوکانەکەی لە زمانی عەرەبییەوە کردووە بە کوردی.

بەهۆی بەردەوامی پێشێلکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا داوایان لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد، کە بە زووترین کات بەدەم داواکارییە رەواکانی خەڵکی ناوچەکەوە بێن.













گەلەری