سەردێڕ:

پەیامێک لە مەسعود پزیشکیانەوە سەبارەت بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا

AM:10:39:01/09/2026

1040 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر پابەندییەکانی لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا، تارانیش هەنگاوی هاوشێوە دەنێت و دەشڵێت، بەدیهێنانی ئاسایشی بەردەوام لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەوە نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی درووستکردنی متمانەی دوولایەنە دەبێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە قیرغیزستان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر پابەندییەکانی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا، ئێران هەنگاوی بەرامبەر و هاوشێوە دەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکردنی بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبەڕووی وەڵامێکی گونجاوی ئێران بووەتەوە، هەروەها ئێران ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار کردووە، ئاگربەست لە جەنگی ٤٠ ڕۆژەدا ڕابگەیەنن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەدیهێنانی ئاسایشی بەردەوام لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەوە نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی درووستکردنی متمانەی دوولایەنە، ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییانەوە دەبێت.

جەختیشی کردەوە، بەهێزکردنی دیالۆگ و هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە تاقە ڕێگەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، هەروەها جەختی لە گرنگیی پشتبەستن بە تواناکانی ناوچەکە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەمریکا هێڕشی کردە سەر دوورگەى خارگ لە ئێران، لەبەرامبەردا تاران هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکى ئەمریکا لە ئوردن و ئیمارات.













گەلەری