سەردێڕ:

کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

PM:11:41:17/12/2025

1112 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بە خاڵێکی وەرچەرخان وەسف کرد و دەڵێت، ئەم بڕیارە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەباتە قۆناغێکی نوێوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، پێشوازیکرد لە دەنگدانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کرد، کە تیایدا کۆتاییان بە بڕیارەکانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هێنا کە پەیوەست بوون بە جەنگەکانی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٢.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بەرگریی نیشتمانیی ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بووە و ئێستا چاوەڕێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم بڕیارە کۆتایی بە میراتی جەنگ دەهێنێت و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەباتە قۆناغێکی نوێوە کە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و هاوبەشیی ستراتیژی دەبێت، هەروەها پەیامێکە بۆ جیهان کە عێراق ئێستا ژینگەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان".

ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ بودجەی ساڵانەی بەرگریی وڵاتەکەی پەسند کرد و یەکێک لە بڕگەکانیش هەڵوەشاندنەوەی فەرمی رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF) بوو کە لە ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢ بۆ جەنگی دووەمى کەنداو جەنگی عێراق بە حکومەتی ئەمریکا درابوو.














گەلەری