سەردێڕ:

لەسەر قەدەغەی هاتووچۆی رۆژانی هەڵبژاردن روونکردنەوە دەدرێت

PM:04:37:30/10/2025

828 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەرگای ئەگەری سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کردەوە و دەڵێت، بڕیارەکە تا ئێستا وەرنەگیراوە بەڵام بە پشتبەستن بە دۆخی ئەمنی دیاری دەکرێت، ئەمەش بە پێچەوانەی هەڵوێستی راگەیەندراو بوو لە رۆژانی رابردوودا سەبارەت بە نەبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە ناو پارێزگاکان یان لە نێوان پارێزگایەک و یەکێکی تردا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتی، سەرکردایەتیی و پێکهاتە ئەمنییەکان کۆبوونەوەی رۆژانە ئەنجام دەدەن بۆ پێداچوونەوەی وردەکارییەکانی پلانی مەیدانی تایبەت بە رۆژی دەنگدان و دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێوان دەزگا جیاوازەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی ئەمنی بە پیشەییانە و لە ئاستێکی باڵادا داڕێژراوە و پشت بە هەوڵی هەواڵگری و تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییە نوێیەکان و کامێرای چاودێری و پێکگرتنی زانیارییەکان دەبەستێت، لەگەڵ گەڕانی مەیدانی پێشوەختە و جەختکردنەوە لەسەر بە سەربازینەکردنی شارەکان و سەرنجدان لەسەر هەوڵی ئەمنی نادیار بۆ دڵنیابوون لە کەشێکی ئارام و جێگیر.

ڕوونیشیکردەوە، رۆژی دەنگدانی تایبەت شایەتی بەشداریکردنی یەک لەسەر سێی هێزە ئەمنییەکان دەبێت لە پرۆسەی دەنگداندا، لە کاتێکدا دوو لەسەر سێی دیکە بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانی پاراستنی بنکەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی زۆر ئاسان، بە مەرجێک گۆڕینەوەی رۆڵەکان دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان ئەنجام بدرێت، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ئامادەیی تا تەواوبوونی دەنگدانی گشتی و گواستنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بۆ ناوەندە نیشتمانییەکان و ناوەندی پارێزگاکان.

جەختی لەوەشکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بێلایەنی تەواو دەپارێزن بەرامبەر بە هەموو هێزە سیاسییەکان و دەست لە کاری کۆمیسیۆن وەرنادەن.

وتیشی، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا وەرنەگیراوە و بڕیارەکە بەپێی خەمڵاندنەکانی دۆخی ئەمنی ئەگەری هەیە دیاری بکرێت.













گەلەری