تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دەڵێت، ماوەی دوو هەفتەیە چالاكوانێکی دیاری چەمچەماڵ دەستگیرکراوە و تا ئێستایش هێزە ئەمنییەكانیش هیچ رونكردنەوەیەكیان بۆ رای گشتی نەداوە، دەشڵێت، پێویستە ئەو چالاکوانە دەستبەجێ ئازادبکرێت.
                                        
                                        
         ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ بڵاویکردەوە، محەمەد قوربانی، چالاكوانێكی دیاری شاری چەمچەماڵ، بەهۆی رەخنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەربارەی خراپی خزمەتگوزاری و بارودۆخی گشتی شارەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
 
            
باسی لەوەشکرد، رەئوف قوربانی، باوكی
دەستگیركراوەكە وتوویەتی، كوڕەكەی خۆی چووە بۆ ئاسایش، پاشان ئاگاداركراونەتەوە كە
دەستبەسەركراوە بەپێی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی.
باوکی ناوبراو دەڵێت، پێی وتراوە کە چوارشەمە
ئازاد دەكرێت بەڵام دوو هەفتە تێپەڕیوە و ئازاد نەکراوە. 
		
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، داوادەكات محمەمەد قوربانی
كە ماوەی دوو هەفتەیە دەستگیركراوە، بە كەفالەت ئازادبكرێت، چونكە ئەو مادەییەی
كە پێی دەستبەسەركراوە دەكرێت بە كەفالەتى كەسی تۆمەتبار ئازادبكرێت.
		
محەمەد قوربانی، چالاكوانێكی دیاری شاری
چەمچەماڵە، بەردەوام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوەڕۆکی رەخنەگرانەی دەربارەی خراپی
خزمەتگوزاری و بارودۆخی گشتی چەمچەماڵ بڵاوکردووەتەوە، پێشتریش چەند جارێك
پەیوەندی بە تۆڕی ١٩ـوە كردووە و ئەوەی رایگەیاندووە کە هەرچەندە خۆی ئەندامی
یەکێتییە بەڵام بەهۆی بیروڕاکانییەوە فشاری لەسەر بووە.