نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا راگەیاندراوێکی لەبارەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکانی رووداوی بەلەمە نوقومبووەکەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیاوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو دەنگۆیەی باس لە شێواندنی تەرمی کۆچبەرە کوردەکان دەکات راست نییە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "دەربارەی رووداوی بەلەمە نقومبووەکەی نێوان فەرەنسا و بەڕیتانیا، (بەندەری ئینگلیز)، ئەوەی تا ئێستا زانراوە، بریتییە لە دۆزینەوەی تەرمی بیست و حەوت قوربانی کە هێشتا دیار نییە لەو ژمارەیە چەندی هاونیشتیمانی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستانە و تەرمەکانیش لە بەشی پزیشکی دادی پۆلیسی شاری لیل'ە."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی
شێوان یان شێواندنی تەرمی قوربانییان لەچەند سەرچاوەیەک و بەتایبەتیش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان،
دوورن لە راستی."
ئەوەش هاتووە،
"دوو گروپی پسپۆڕ خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر تەرمەکان، یەکێکیان گروپێکی پزیشکی
پسپۆڕ و ئەویدیکەیان سەر بە پزیشکی دادن. وەک پۆلیسی فەرەنسی ئاماژەی پێدا لە دەرەوەی
ئەم دوو گروپە هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە تەرمی قوربانیەکان ببینێت و تاوەکو
لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن ئەو مافە بەکەس نادرێت."
لەو بارەیەشەوە پۆلیسی وڵاتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "هەرکاتێک توانرا ناسنامەی تەرمەکان
ئاشکرا بکرێت لە رێگەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)، یا پەنجەمۆر، یاخود پشکنینی ددانەوە،
ئەو کاتە لەرێگەی دادوەرەوە بەڵگەنامەی مردن (شهادة وفاة) بۆ قوربانیانی رووداوەکە
دروست دەکرێن."
لە شەوی ٢٤ لەسەر
٢٥ی ئەم مانگەدا، کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە فەرەنسا رایگەیاند، "یەختێک
لە کەناڵی ئینگلیزی سنوری نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا نوقومبووە و کۆچبەرەکانی کەوتوونەتە
دەریاوە، ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرھێنراون ٢٧ تەرمە، کە حەوت ژن و سێ منداڵیان
لە ناودایە، حەوت لەو کەسانە ئەفریقین، تا ئێستا دوو کەس رزگارکراون کە یەکێکیان
کوردە و ژمارەی قوربانیان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە."
لە شەوی ٢٦ی
مانگیشدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەریم لە فەرەنسا لە رێگای ئێن ئاڕ تییەوە رایگەیاند،
داوا لە هاوڵاتیان دەکەن هەرکەسێک گومانی هەیە لەوەی کەسوکاری لەناو یەختە
نوقومبووەکەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا بێت، چەند زانیارییەکی کەسی لە رێگای ئی
مەیڵەوە بنێرن بۆیان.