دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سکاڵایەکی بێ بەڵگە دووبارە بردرایە دادگای سلێمانی؛ دادگاییکردنەکەی بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ جارێکی تر بردرایەوە دادگای سلێمانی لەسەر دۆسیەیەک کە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی تێدا نییە، دادگاییکردنەکەی بۆ ٣ـی تشرینی دووەم دواخرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ئەم
دادگاییکردنە لەسەر سکاڵای کەسێکە لەناو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیدا و لە سکاڵاکەیدا
خۆی بە رۆژنامەنووس ناساندوە.
لە سکاڵاکەدا
هاتووە، گوایە شاسوار عەبدولواحید ناوزڕاندن (تەشهیر)ـی بەرامبەر سکاڵاکار کردووە
و پێی وتووە کە لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە، وە ئەو سکاڵاکارە دەڵێت، ئەو پیشەی
رۆژنامەنووسە نەوەک کەسێک لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.
پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید لەم بارەیەوە دەڵێن، ئەم سکاڵایە هیچ
بەڵگەیەکی یاسایی نییە و سکاڵاکار بە ئاشکرا لەناو هێزە ئەمنییەکاندایە و بە
تەشهیر لێکدانەوەی بۆ کراوە.
پێشتریش دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وێنەی سکاڵاکاری بڵاوکردووەتەوە کە بە
ئاشکرا دەردەکەوێت لە هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییە و تەنانەت جلوبەرگەکەشی لە
وێنەکەدا ئەوە پشڕاست دەکاتەوە.
ئەمەش لەدوای
ئەوەدێت، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی
شاسوارعەبدولواحید و بەبێ ئاگاداری پێشتوەختە دەستگیریانکرد، گوایە لەسەر چەند
سکاڵایەک کە تا ئێستا لە دادگای سلێمانی بەڵگەیان لەسەر نەهاتووەتەوە؛ دادگای
سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
کاردانەوەکان لەبارەی ئەم پرسەوە بەردەوامبوون و میدیا ناوخۆییەکان و
دەرەکییەکان ئەوەیان خستەڕوو، کە دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەدوای ئەوەهات،
کە هەفتەیەک پێش ئەوە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم چارەسەری
کێشەی مووچە نەکات و لەگەڵ بەغدا رێکەوتنەکانی جێبەجێ نەکات؛ ئەوا هەڵوێستی جدییان
دەبێت؛ وە لەدوای دەستگیرکردنیشی، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ جەختیان کردەوە، کە
سەلامەتی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە ئەستۆی یەکێتیدایە.