دادگا؛ قەڵغانی دەسەڵات یان چەکی
بێدەنگکردن!
AM:08:40:30/09/2025
536 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
هەرێمی کوردستان و ئێستای سلێمانی بەتایبەت، ئەو
شارەی هەمیشە وەک پایتەخت و ناوەندی ڕۆشنبیری و مەشخەڵ و دەنگی ئازادی ناسراوە،
ماوەیەکە دۆخێکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێت، ناڕەزایەتییەکان لەسەر خراپیی گوزەران،
گەندەڵی، نەبوونیخزمەتگوزارییەکان و مووچە گەیشتوونەتە لووتکە، لەم نێوەندەدا،
پرسی بەکارهێنانی دامەزراوە دادوەرییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە،
بووەتە جێگەی مشتومڕێکی گەورە، بەو ئاڕاستەیەی، کە ئایا دادگە دەبێتە قەڵغانێک بۆ دەستەڵات
یان چەکێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.
لەرزۆکیی حکوومڕانی و فشاری شەقام: ڕاستییەکی
حاشاهەڵنەگرە کە حکوومڕانی لە سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بە گشتی، بە
قۆناغێکی سەختی شکست و کەمترین متمانەی جەماوەریدا تێدەپەڕێت، نەبوونی مووچە، قەیرانی
دارایی بێکاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرداغی تووڕەیی خەڵکی سەرڕێژکردووە.
لە کاتێکدا دەستەڵات لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا شکستی هێناوە، ناچارە ڕووبەڕووی
شەقامێکی تووڕە و ماندوو ببێتەوە، کە چیتر ئامادە نییە بێدەنگ بێت، ئەم دۆخە، دەستەڵاتی
خستووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت،
تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.
دادگە وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگ کردن؛ ئەوەی جێگەی
نیگەرانیی قووڵە، بەکارهێنانی دامەزراوە دادوەرییەکانە، ئەمیش وەک ئامڕازێک بۆ
کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان. لەجیاتی ئەوەی دادگە وەک داڵدەیەکی پارێزەری ماف و
ئازادییەکان بێت، ئەوا لە دۆخێکی ئاوهادا دەکرێت بە چەکێک بۆ ترساندن و دادگەییکردنی
ڕکابەرە سیاسییەکان، چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و هەر کەسێک کە ڕەخنە لە دەستەڵات
دەگرێت، ئەم کردارە نەک تەنیا بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر
پرسیارەوە، بەڵکوو شکۆی دەستەڵاتی دادوەری و دەزگە ئەمنییەکانیش دەشکێنێت، چونکە
بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە ئەوانیش بوونەتە ئامڕازی حزب و بەرژەوەندییە
تایبەتییەکان.
قوربانیکردن بە ئازادی و دەستکاریی شکۆی
دامەزراوەکان: کاتێک مافی خۆپیشاندان وە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێنە قوربانی بۆ
بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئەوا کۆمەڵگە بەرەو دۆخێکی دیکتاتۆرییەت و ترس
دەچێت. دادگە، وەک سێیەم دەستتەڵات، دەبێت سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە کاریگەریی حزبی
و سیاسی. بەڵام کاتێک دادگە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حزبێک یان دەستەڵاتێک
بەکاردەهێندرێت، ئەوا متمانەی خەڵک بە تەواوی، بە سیستەمی دادوەری و حکوومەت
لەدەستدەچێت. ئەمەش زیانێکی گەورە بە بناغەکانی دەوڵەت و حکوومڕانی دەگەیەنێت.
پاشهاتە درێژخایەنەکان:
بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بە زۆر و
بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەم مەبەستە، تەنیا کات دەکڕێت و کێشەکان بۆ
ماوەیەکی کاتی دەشارێتەوە. ئەم جۆرە سیاسەتانە لە درێژخایەندا دەبنە هۆی
تەقینەوەیەکی گەورەتر و زیاتر تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی. خەڵک کاتێک
دەبینێت دەنگەکەی نابیسترێت و مافەکانی پێشێل دەکرێن، پەنا بۆ ڕێگەی دیکە دەبات،
کە زۆر جار تووندوتیژیی و پشێوی بەدوای خۆیدا دەهێنن.
پەرۆشی بۆ چارەسەر و داواکاری: بۆ ئەوەی سلێمانی
و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە نالەبارە ڕزگاری بێت، پێویستە دەستەڵات بەزووترین کات
چاو بە سیاسەتەکانی خۆیدا بخشێنێتەوە. پێویستە ڕێز لە ئازادییەکان بگیردرێت،
سەروەری یاسا بچەسپێندرێت و دادگە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ کار بکات،
چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان،
تاکە ڕێگەیە بۆ هێورکردنەوەی شەقام و گەڕاندنەوەی متمانە. گەڕاندنەوەی شکۆی
دامەزراوەکانی دەوڵەت و دوورخستنەوەیان لە دەستتێوەردانی حزبی، لەم قۆناغە
هەستیارەدا، کلیلی سەرکەوتن و چارەسەرەکانە.
دەبێت لەوە تێبگەین، کە بەکارهێنانی دادگە بۆ
بێدەنگکردنی خەڵک، نیشانەی لاوازی و شکستی حکوومڕانییە، نەک بەهێزیی، مێژوو
سەلماندوویەتی کە هیچ دەستەڵاتێک بە بێدەنگکردنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانیان،
نەیتوانیووە بەردەوام بێت. کاتی ئەوە هاتووە کە دەستەڵات لە سلێمانی گوێ لە دەنگە
ناڕازییەکان بگرێت و بەجددی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، پێش ئەوەی ئارامی
خەڵک لەدەست دەربچێت و تووڕەییەکەیان بتەقێتەوە و ببێتە هۆی پاشهاتگەلێکی
نەخوازراو.