سەردێڕ:

چۆن سیستمی نوێی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لە هەرێم پەیڕەو دەکرێت؟

PM:05:36:07/09/2025

9244 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم، تایبەتمەندییەکانى سیستمى نوێى تاقیکردنەوەکانى پۆلى ١٢ بڵاودەکاتەوە دڵنیایى دەدات کە تەواوى پرسیارەکان پارێزراوە و چاودێرى وردى ئاسایشى لەسەرە. وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، پرسیارەکان لە دەستێکی پارێزراودایە لە وەزارەت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، سیستمى نوێى تاقیکردنەوەکانى پۆلى ١٢ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تایبەتمەندییەکانی سیستەمە نوێکە پێکهاتووە لە نهێنی پارێزیی تەواو و سیستمی (A-Z) ٢٦ جۆری جیاواز لە پرسیار و چاودێری و ئاسایشی ورد و سیستمی تەکنیکیی پێشکەوتوو.

بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو سیستمەی وەزارەتی پەروەردە جێبەجێی دەکات، رێوشوێنێکی پتەوە بە مەبەستی پاراستنی ماف و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گزیکردن و دزەکردن لە تاقیکردنەوەکان نەمێنێت.

بە شێوەیەکی پیشەیی و نهێنیپارێزی، کەس نازانێت پەڕەی تاقیکردنەوەکان چ پرسیارێکی لەخۆ گرتووە، تا ئەو ساتەی دەیان هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا و بۆ یەکەمجار پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان دەبینن.

هاوکات سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، پرسیارەکان لە دەستێکی پارێزراودایە لە وەزارەتی پەروەردە لە لای لیژنەی باڵای ئەزموونەکان، تا شەوی تاقیکردنەوەکان لەلایەن نوێنەری هەر پارێزگایەک و بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی، نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لەگەڵیان دەنێردرێن، پۆلیس و ئاسایش هاوکارییان دەبێت، تا پرسیارەکان دەگاتە پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان.

وتیشی، "پەڕەی سۆما و شێوازی دانانی پرسیارەکان بە سیستەمی ٢٦(A-Z) جۆری جیاواز رێک دەخات، کە هیچ قوتابییەک ناتوانێت لە چواردەوری خۆی کەڵک وەربگرێت.
لەلایەکی تر قوتابی هەیە گومان دەکات و دەڵێت، "ئەمە نمرەی خۆم نیە، پێشتر دەبوو پەڵپ بگرێت و لیژنەی بۆ دابنرێت، بەڵام ئێستا پەڕەی وەڵامەکانی پیشان دەدرێتەوە و دەزانێت چۆن وەڵامی داوەتەوە".

هاوکات میکانیزمێکی تەواو پارێزراو بۆ قوتابییان دەستەبەر کراوە و رێکخەرانی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکان هاوکار دەبن بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە پێی بەرنامەی داڕێژراو، پاراستنی پرسیارەکان و ئامادەکاریی هۆڵەکان.

ژمارەی قوتابییانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، لە خولی یەکەم بریتی بوون لە ١١٥ هەزار و ٧٧٨ قوتابی کە دابەشکراون بەسەر دوو هەزار و ١٧ هۆڵی تاقیکردنەوە، ژمارەی قوتابییان لە هەر یەک لە بەشەکان بریتی بوون لە ٨٤ هەزار و ٢٩٧ قوتابیی زانستی، ٢٨ هەزار و ٨٦٥ قوتابیی وێژەیی، دوو هەزار و ٦٢٤ قوتابی لە بەشی پیشەیی.

ژمارەی قوتابییان لە هۆڵی ئەزموونی تاقیکردنەوەی بەرایی بۆ ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، بریتی بوو لە ٢٣ هەزار و ٨٦٧ قوتابی کە دابەش دەبوون بەسەر ٤٤٩ هۆڵی تاقیکردنەوە.













گەلەری