سەردێڕ:

لەبارەی بە دیجیتاڵیکردنی قوتابخانە و گۆڕینی جلوبەرگی قوتابیان بڕیاردرا

PM:04:20:17/08/2025

26092 جار خوێندراوەتەوە

پەروەردەی هەرێم بڵاویکردەوە، ساڵی نوێی خوێندن وابەستەی زیرەکیی دەستکرد دەکرێت و سمارت بۆرد و پلاتفۆڕمی تایبەت بە خوێندکاران و مامۆستایان دابین دەکرێت، جلوبەرگی قوتابیانیش تەنها بۆ ئەم ساڵ بەو شێوازەی ئێستا دەمێنێتەوە و لە ساڵی داهاتووەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٥، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بڵاویکردەوە، قوتابخانەیەکی دیجیتاڵییان دابینکردووە و رۆژی پێنجشەممەی داهاتووش لە سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان پلاتفۆڕمێکی پەروەردەیی تایبەت دەخرێتە بەردەم مامۆستایان، خوێندکاران و خانەوادەکانیان.

وتیشی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لە نزیکەی ٥٠ قوتابخانەدا، سمارت بۆرد ( تەختەی دیجیتاڵی) دادەنێن کە مامۆستاکان دەتوانن چیتر کتێب بەکارنەهێنن و سوود لە پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی وەربگرن کە وابەستەکراوە لەگەڵ زیرەکیی دەستکرد، ئەم سمارت بۆردەش بۆ پۆلەکانی یەک، دوو و سێ ئامادەکراوە.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا ساڵنامەی خوێندنی ساڵی نوێ واتا، یەکەم رۆژی دەوام و کۆتایی دەوام و کاتی تاقیرکردنەوەکان دانەنراوە و لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لەبارەی گۆڕانکاری جلوبەرگی قوتابیان باسی لەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ هەمان جلوبەرگ و رەنگی پارساڵ دەبێت، بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ رەنگ و شێوازی جلوبەرگ دەگۆڕدرێت، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ ئەو کاسبکارانەی جلی ساڵانی رابردوویان لەسەر مابووەوە، هەرکات دیزاین و رەنگیان دیاری کرد هەموو کەس ئازادە لە هێنانی ئەو شێوازە جلوبەرگە بەو رەنگانەی دیاری دەکرێن.













گەلەری