PM:06:45:02/08/2025
1132 جار خوێندراوەتەوە
گرفتی کەمئاوی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و نەوەی نوێش بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا و ئەمڕۆش ئاو بەسەر چەند گەڕەکێکی سلێمانیدا دابەش کرا. پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش وتی، ساڵانێکی زۆرە کێشەی بێئاوی هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو هیچ پلان و چارەسەرێکی نییە بۆ ئەو گرفتە.
ئەمڕۆ شەممە ٢ـی ئابی ٢٠٢٥، بەهۆی گرفتی بێئاوی لە بەشێکی گەڕەکەکانی سلێمانی، تیمی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی لەبری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردنی ئاوە بەسەر هاوڵاتییاندا.
بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بە ئێن ئاڕ تییان وت، چەندین ساڵە گرفتی کەمئاویان هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوەکو ئێستا بەدەم کێشەکانیانەوە نەچووە، بۆیە بە ناچاری مانگانە سێ بۆ چوار تانکەر ئاو دەکڕن.
باسیان لەوەش کرد، دەستخۆشی لە تیمی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی دەکەن کە هەستاون بە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانیان و ئەو خزمەتگوزاریەی نەوەی نوێ دەیکات هیچ لایەنێک پێی ناکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما و سەرهەڵدانی گرفتی کەمئاوییەوە، نەوەی نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم لە بری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە رێگرییان لێ کراوە.