جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، شوێنی پەسەندکراوی داهاتوویان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئیستەنبوڵە و وتیشی، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیوەندیان هەیە لەگەڵ ئەمریکا.
ئەمرۆ یەکشەممە ٢٧ـی تەممووزی ٢٠٢٥، مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، لە رێگەی چەند وڵاتێکەوە کە نێوەندگیرن پەیوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ ئەمریکا .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیستەنبوڵ بە شوێنی پەسەندکراو
دەزانن بۆ دانوستانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا.
دەشڵێت، لە دانوستانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا گفتوگۆیان
لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران کردووە و پێیان وتوون کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆیانە و
لەسەری بەردەوامدەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەینی ڕابردوو گەڕێکی دیکەی دانوستاندن
لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، لەنێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپیی بەشدار لە رێککەوتنی
ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.