سەردێڕ:

بانگەشەی سیاسی لە رێگەی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە قەدەغەدەکرێت

PM:03:43:26/07/2025

1192 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای مێتا دەڵێت، بە بڕیاری یەکێتی ئەوروپا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، هەموو بانگەشەیەکی سیاسی لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکانیەوە لە ئەوروپا قەدەغە دەکرێت و ئەم بڕیارە بە سانسۆر و هۆکاری کپکردنی گوتاری سیاسی ناودەبات.


ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و وەتسئەپە رایگەیاند، یاسای TTPA کۆمەڵێک مەرجی زۆر قورس دەسەپێنێت بەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ریکلامکەراندا، ئەوەش ئاستێکی بەرزی ئاڵۆزی و نادڵنیایی یاسایی دروستدەکات و جێگەی قبووڵکردن نییە کە بانگەشەی سیاسی لە رێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام قەدەغەدەکرێت.

تی تی پی ئەی بەشێکە لە هەوڵە فراوانەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەریی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لەسەر پرۆسە دیموکراسییەکان و هەوڵ دەدات پلاتفۆرمەکان ناچار بکات کە سەرچاوە، پارەدارکردن، ئاراستەکردن و ریکلامە سیاسی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بە روونی ئاشکرا بکەن.

جێی ئاماژەپێدانە، بەهۆی ئەم بڕیارەوە، پارتە سیاسییەکان و بەربژێرەکان کە پشتیان بە پلاتفۆرمەکانی مێتا بەستووە بۆ گەیشتن بە دەنگدەرە گەنجەکان و بەرکەوتوانی تەکنەلۆجیا، لەمەودوا ئامرازێکی گرنگی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدەستدەدەن.

هەروەها، میدیا جیهانییەکان دەڵێن، ئەم یاسا نوێیە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانەی گشتییە بە ریکلامی دیموکراسی، بەڵام مێتا بە پشتیوانیی ئیدارەی ترەمپ، بە تووندی دژی دەوەستێتەوە و دەڵێت، یاساکە گوتاری سیاسی کپ دەکات و دەرگا بۆ سانسۆر دەکاتەوە.

باس لەوەشکراوە، رەنگە ئەم بڕیارە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتە دیموکراسییەکانی تریش، بەمەش رەنگە پێناسەی هەڵمەتی دیجیتاڵی لەسەرتاسەری جیهاندا بگۆڕدرێت.

 

 

 

 

 













گەلەری