سەردێڕ:

هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق ٣٠٪ زیادیکردووە

PM:10:22:24/07/2025

1440 جار خوێندراوەتەوە

هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا گەشەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٩.٣٪ گەشەی کردووە، بەتایبەت ئۆتۆمبێل ٣٠٪ زیادیکردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ـی تەمموزی ٢٠٢٥، هەناردەی راستەوخۆی چین بۆ عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٩.٣٪ گەشەی کردووە، هەروەها بەراورد بە نیوەی دووەمی هەمان ساڵ ١٣.٢٪ زیادی کردووە.

بەگوێرەی داتا شیکارییەکان کە بڵاوکراوەتەوە، بەهای هەناردەکردنی راستەوخۆی چین بۆ عێراق لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ـدا نزیکەی ٨.٨ ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ٨.١ ملیار دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی هەمان ساڵدا ٧.٨ ملیار دۆلار بووە.

ئامێرە کارەباییەکان لە پلەی یەکەمی لیستی کاڵا هەناردەکراوەکاندا بوون و گەیشتووەتە ٢.١ ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٢٣٪ـی کۆی هەناردەکردن، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا یەک ملیار و ٩ ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها هەناردەکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنیەکان بۆ یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە کە دەکاتە ١٥٪ـی کۆی گشتی، لەکاتێکدا پێشتر یەک ملیار دۆلار بووە.

هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بە رێژەی ٣٠٪ گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ٦٣٨ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا ٤٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.

بەم شێوەیە سێ کاڵاکە (ئامێر، ئامێری ئەلیکترۆنی و ئۆتۆمبێل) نزیکەی ٤٧٪ـی کۆی هەناردەکردنی راستەوخۆی چین بۆ عێراق پێکدەهێنن.

بەپێچەوانەوە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لە هەمان ماوەدا ٢٦ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، لەو بڕە ١٧.٧ ملیار دۆلار نوێنەرایەتی هەناردەی عێراقی کردووە کە زۆربەی نەوتی خاو بووە.

سەرەڕای باشتربوونی هەناردەکردنی چین، کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٣.٣٪ دابەزیوە کە بڕی ٢٧.٥ ملیار دۆلار بووە.

زیادەی بازرگانی لە بەرژەوەندی عێراق گەیشتە ٨.٨ ملیار دۆلار، بەڵام بە رێژەی ٢١٪ کەمیکردووە لە بەرامبەر ١١.٣ ملیار دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای هاوردەی چینی و دابەزینی رێژەیی بەهای هەناردەی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت.













گەلەری