PM:02:45:24/07/2025
1980 جار خوێندراوەتەوە
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسانەی کە چەمی باسەڕەیان ژەهراوی کردبوو و بەهۆیەوە ماسییەکانی چەمەکە مرداربوونەوە، ئەمڕۆ دەستگیرکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەکی زۆر ماسی و چەندین زیندەوەری ئاوی لەناو چەمی باسەڕە مردابوونەوە، هەربۆیە لەلایەن بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی چەمچەماڵ و بە هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش، دەستکرا بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد.
وتیشی، لە دوای
زیاتر لە دوو هەفتە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، تۆمەتبارێک لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی رۆژئاوا دەستگیرکرا کە دانی بە تاوانەکەیدا نابوو، پاشان رادەستی بەشی
پۆلیسی دارستان و ژینگەی چەمچەماڵ کرا.
دەشڵێت، لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو تا
دوو تۆمەتباری تر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکران و بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری
یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە.