سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی لەسەر مووچە قسە دەکات

PM:08:10:23/07/2025

3620 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد و کۆبوونەوە و لە دوا کۆبوونەوەکەش شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا"سودانی پێی وتم تا سبه‌ینێ‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ پێنجی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌نێرێت و ئەگەر هه‌رێم پابه‌ند بێت مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ شه‌ش و حه‌وتیش ده‌نێردرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ـی تەمموزی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی کرد لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هەر ٢٤ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە هەرێم و بەغدا، بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچەی مووچەخۆران و چەند بابەتێکی تر کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکە شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "سودانی پێیوتم تا سبه‌ینێ‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ پێنجی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌نێرێت و ئەگەر هه‌رێم پابه‌ند بێت، مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ شه‌ش و حه‌وتیش ده‌نێردرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیران وتوویەتی حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئەگەر نه‌وت راده‌ست نه‌كات و به‌قاچاخ بیفرۆشێت، لێپێچینه‌وه‌ ده‌كه‌ین.

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، پێویستە حكومه‌تی‌ ماوه‌به‌سه‌رچووی‌ هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا تا خه‌ڵك تووشی‌ كێشه‌ نه‌بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سودانی وتووشیەتی ئەگەر نەوت نەڕوات و قەزاو قەدەر هات، ئەوان مووچەی مووچەخۆران نابڕن، بەڵام ئەگەر نەوت بڕوات لیژنە دەنێرن، هەموو دوو هەفتە جارێك لیژنە دەنێرن بۆ سەر سنوورەکان بۆ پاڵاوگەكان بۆ كێڵگە نەوتییەكان.

دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا سودانی باسی لەوەکردووە، هه‌رێم رازی‌ نه‌بووه‌ به‌غدا سووته‌مه‌نی‌ بۆ ناوخۆی‌ هه‌رێم دابین بكات، وتی بە حكومەتی هەرێممان وتووە ئێوە ٤٢ هەزار بەرمیل نەوتتان پێویستە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بۆ بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەكان، ئێوە ئەو ٤٢ هەزار بەرمیلەمان پێ بدەن ئێمە بە نرخی بەغدا بەنزین و نەوتتان پێدەدەین، واتا لە هەرێمیش لیترێك بەنزین دەبێت لە ٤٥٠ دینار، بەڵام هەرێم رازی نەبووە".














گەلەری