سەردێڕ:

پزیشکیان: کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەنها خەیاڵە

PM:12:02:23/07/2025

1192 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، بانگەشەی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەنها خەیاڵە و ئامادەن بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی دژی ئیسرائیل.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٥، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە وتی، ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە وڵاتەکەی داوە، بەڵام ئێرانیش زۆر بەهێز لە قوڵایی ئیسرائیلی داوە، هەر لەبەر ئەوەشە زیانەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە و نایەوێت کەس باسی سەرکەوتنی هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بکات.

باسی لەوەشکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لە قوڵایی ئیسرائیل، هەروەها ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە، چونکە توانای ئەتۆمی ئەوان لە مێشکی زاناکانیاندایە نەک دامەزراوەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکانیان، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی.

ئاشکراشیکرد، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەی هەبووە و ئیسرائیل لەم رووەوە سوودی لە تەکنۆلۆژیا و تواناکانی ئەمەریکا وەرگرتووە.

روونیشی کردەوە، وڵاتەکەی جەنگی ناوێت بەڵام ملکەچیش نابێت و هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا، پێویستە لەسەر بنەمای بردنەوە و سەرکەوتن بۆ هەردوولا بێت.

 













گەلەری