سەردێڕ:

لە عێراق لە ناو ئاگری ململانێکاندا؟

PM:08:07:25/09/2025
112 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات جەمال ساڵح
+ -

تاکە وڵاتێک هەژموونی ئێرانی تێدا بێ و زۆر رژد هێرشی نەکرابێتەسەر یان لە بەرژەوەندییەکانی نەدرابێ عێراقە لەم ئاڵۆزییانەدا، سەرەڕای بەرژەوەندی هەناردەی کاڵا، غاز و پێدانی هاوکاری مادی بە ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا گروپە چەکدارەکانی، نوێنەرایەتیەکی ناڕاستەوخۆی ئەون.

ئامانجی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بە تێپەڕبوونی کات جیاواز بوون، ئەمەش بەندە بە چوارچێوەی سیاسی و دۆخی ئەمنی و ئامانجە ستراتیژییە فراوانەکانی ئەو وڵاتەوە.

ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی لە عێراق، بە تایبەتی ئەگەر ئەو هێرشانە زیان بە میلیشیاکانی پشتیوانیکراوی ئێران، سەروەری عێراق، یان کارمەند و بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەیەنن، ئەگەرێکی زیندووە ئێران وەڵام بداتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ستراتیژی، مەرج نییە لە رێگەی شەڕی ئاشکراوە بێت.

لە دیدارێکی تەلەفزیۆنی، کامل کنانی سەرکردەی شیعە وتی، گەر لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش بکرێتە سەر هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئەوا کۆنترۆڵی یانزە پارێزگای عێراق دەکەن، لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و ئاڵای ئێرانی تێدا هەڵدەکەن و دەوڵەتی ئیسلامی رادەگەیەنن، وە کار دەکەن بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆری شیعە.

بەڵام، بە هەموو پێوەرەکان تاکتیکەکانی ئێران دیاریکراو دەبن، تا ئەوکاتەی خۆی لە شەڕەکەوە یان هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیەوە نەگلێ، بۆ نموونە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکە یان دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بژاردەیەکی بەردەست و ئەزمووندارە بۆ ئەو وڵاتە، یان هێرشی بۆمبی چێندراو بۆ سەر کاروانەکانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سیستەمی سیاسی عێراقدا هەیە، دەتوانێ پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە بنێت بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەکارهێنانی کوتلە سیاسییە شیعەکان بۆ دروستکردنی دژایەتی گشتی و پەرلەمانی بۆ بوونی ئەمریکا، هەروەها کردەوەکانی ئەمریکا وەک پێشێلکردنی سەروەری عێراق، وروژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی و تائیفی و مەزهەبی.

گەلەری