پەروەردە و سیاسەت
PM:04:20:24/09/2025
224 جار خوێندراوەتەوە
رابەر عەلی
+
-
پەروەردە و سیاسەت دوو رەگەزی سەرەکی کۆمەڵگەن
کە بە شێوەیەکی قووڵ پێکەوە گرێدراون، سیستەمی پەروەردە، وەک بنەمای گەشەپێدانی مرۆیی
و کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرە بە بڕیار و ئاراستە سیاسییەکان، حکومەتەکان
لە رێگەی سیاسەتەکانیانەوە، بودجە، پرۆگرامی خوێندن، و ستانداردی فێرکردن دیاری دەکەن،
کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کوالیتی و دەستڕاگەیشتنی پەروەردە هەیە.
لە بەرامبەردا، پەروەردەیەکی بەهێز و گشتگیر دەتوانێت
هاوڵاتیانی هۆشیار و چالاک دروست بکات، کە توانای بەشداریکردنی کاریگەرانەیان لە
پرۆسەی سیاسیدا هەبێت، ئەم پەیوەندییە دوولایەنەیە نیشانەی ئەوەیە کە چۆن داهاتووی
هەر نەتەوەیەک بەندە بە هاوسەنگی و هاوکاری نێوان ئەم دوو بوارە گرنگە.
لە روانگەی پاوڵۆ فرێری، بیرمەندی بەڕازیلی، پەیوەندییەکی
راستەوخۆ و جیانەکراوە لەنێوان پەروەردە و سیاسەتدا هەیە، فرێری پێی وایە کە پەروەردە
هەرگیز بێلایەن نییە، بەڵکو هەمیشە یان ئامرازێکە بۆ پاراستنی دۆخی باو و سیستەمی
چەوساندنەوە، یان دەبێتە کەرەستەیەک بۆ ئازادی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.
گرنگترین بیرۆکەکانی فرێری لەم بوارەدا بریتین
لە
١-
رەخنەگرتن لە "پەروەردەی بانک ئاسا.
فرێری بە توندی ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەیی
لاسایی دەگرێت و بە "پەروەردەی بانک ئاسا ناوی دەبات.
لەم مۆدێلەدا، مامۆستا وەک خاوەنی زانیاری تەماشا
دەکرێت و قوتابیانیش وەک گەنجینەی بەتاڵ کە دەبێت مامۆستا زانیارییەکانی تێدا
"پاشەکەوت" بکات.
ئەم شێوازە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنان
لای قوتابی دەکوژێت و وا دەکات ملکەچی دۆخی ئێستا بن، ئەمەش خزمەت بە مانەوەی سیستەمە
چەوسێنەرەکان دەکات.
٢- پەروەردەی کێشە - وروژێنەر: وەک
بەدیلێک، فرێری "پەروەردەی کێشە-وروژێنەر پێشنیاز دەکات لەم مۆدێلەدا، پرۆسەی
فێربوون لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوبەشی نێوان مامۆستا و قوتابی بنیات نراوە.
مامۆستا و قوتابی پێکەوە فێر دەبن و بەرپرسیارێتی
هاوبەشیان لە پرۆسەی فێربووندا هەیە.
ئامانج لێی ئەوەیە کە تاکەکان فێری پرسیارکردن
و گفتوگۆکردن بن دەربارەی جیهان و واقیعی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن بیگۆڕن.
٣ـ
وشیاریی ڕەخنەگرانە
ئەمە یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی فرێری، مەبەست
لێی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا مرۆڤە چەوساوەکان لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان تێدەگەن،
نەک وەک چارەنووسێکی حەتمی، بەڵکو وەک بارودۆخێک کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت، ئامانجی پەروەردە
دروستکردنی ئەم وشیارییە ڕەخنەگرانەیەیە، تا تاکەکان توانای ئەوەیان هەبێت بۆ
ئازادکردنی خۆیان هەنگاو بنێن.
٤ـ
پەروەردە وەک کردارێکی ئازادی بەخش بۆ فرێری، ئامانجی کۆتایی پەروەردە بریتییە لە
ئازادی مرۆڤ و گەشەپێدانی مرۆڤایەتی، پەروەردە تەنها بریتی نییە لە فێربوونی خوێندنەوە
و نووسین خوێندنەوەی ووشە، بەڵکو بریتییە لە خوێندنەوەی جیهان،واتە شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی
ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە ژیانی مرۆڤەکان سنووردار دەکات، ئەم تێگەیشتنە
ڕەخنەگرانەیە دەبێت ببێتە هۆی تێکەڵکردنی بیرکردنەوەی قوڵ و کرداری گۆڕانکاری بۆ
باشترکردنی جیهان.
٥-
گۆڕینی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی فرێری پەیوەندییە ستوونی و نایەکسانەکەی نێوان
مامۆستا و قوتابی ڕەتدەکاتەوە، لە مۆدێلی ئەودا، مامۆستاش فێرخوازە و قوتابیانیش
مامۆستان، پرۆسەی فێربوون بریتییە لە هاوبەشییەک کە تێیدا هەردوو لا لەڕێگەی دیالۆگەوە
لە یەکتر فێر دەبن.
کورتەی بۆچوونی فرێری پەروەردە
کردارێکی سیاسییە. یان دەبێتە ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی باڵادەست
و چەوساندنەوە، یان دەبێتە ڕێگایەک بۆ وشیارکردنەوەی تاکەکان و هاندانیان بۆ گۆڕینی
واقیعی خۆیان و بەدەستهێنانی ئازادی، بێلایەنی لە پەروەردەدا وەهمێکە و لە کردەوەدا
بە واتای لایەنگری کردن لە هێزە باڵادەستەکان دێت.
هەروەکو لە پێشەکی دا تیشکم خستە سەر ئەوەی کە
پەروەردە و سیاسەت دوو رەگەزی سەرەکی گرێدراوی کۆمەڵگان، بەڵام لە عێراقدا و لە
کوردستان بەتایبەت کەرتی پەروەردە نەک هیچ بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە وە
بگرە زۆر خراپتر بووە بە بەراورد بە سێ دەیەی ڕابردوو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان
کاری جدییان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن جیلێکی نەخوێندەواری نا بەر پرس پەروەردە بکەن
باکیان بەوە نەبێت هەرچی یەک ڕوو دەدات وەک ئەوەی ئەوان بەشێک نەبن لەم کۆمەڵگایە، وە
کوفری پەروەردەی یان کردووە بەوەی کە ئاڵا و لۆگۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان هەڵواسیوە
لە ناو ناوەندەکانی خوێندنی سەرەتایی دا لەکاتێکدا ئەوانە ناوەندی حکومین نەک حیزبی،
وە چەندین ساڵە کار لەسەر شکاندنی شکۆی مامۆستایان و پەروەردە کاران دەکەن بە بڕینی
قوتی ژیانیان،ئەمەش تەواو خزمەت بە سیستەمی چەوسێنەرەکان دەکات.