سەردێڕ:

مارکۆ روبیۆ: پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت و هەناردەی نەوتیش دەستپێبکاتەوە

AM:09:00:23/07/2025

2956 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، هاوکات داوای لە هەرێم کردووە کە داهاتی نەوتی رادەست بکات. هەروەها جەختی لە لێپرسینەوە لەو کەسانە کردووەتەوە کە بەرپرسیارن لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٥، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی عێراق، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دەستپێکردنەوەی رادەستکردنی داهاتی نەوتی هەرێم کردووەتەوە.

میدیا جیهانییەکانیش باسیان لەوە کردووە، ئەمریکا فشاری بۆ سەر هەرێم هەبووە تا داهاتی نەوتی رادەست بکات و قاچاخ فرۆشتنی نەوت لە ناوچەکە بە تەواوی نەمێنیت و هەرێم پابەند بێت بە دەستوور و رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، رۆبیۆ جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لەو کەسانە کردووەتەوە کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزەی عێراق و پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە دوبارەبوونەوەی هێرشەكان لە داهاتوودا.

هاوکات، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە زاری روبیۆوە جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق لە رووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان کردەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە دامەزراوە گرنگەکان و کەرتی وزە دەکەنە ئامانج.













گەلەری