سەردێڕ:

لە عێراق نۆ رۆژ پشوو راگەیەندرا

PM:07:59:22/07/2025

3384 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاریدا بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، كە لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە مانگی ١١ بەڕێوە دەچێت، نزیكەی ١٠ رۆژ بكرێتە پشوو.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی تەمموزی ٢٠٢٥، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە گشتاندنێكدا بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە دەڵێت، پێویستە قوتابخانەکان، كە وەكو ناوەندی دەنگدان بەكاردەهێنرێت لە رۆژی پێنجی مانگی ١١ تا ١٣ـی هەمان مانگ رادەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكرێت.

جەختیشی كردووەتەوە، پێدانی قوتابخانەکان بە كۆمسیۆن بۆ ئەوەیە بتوانرێت چاكسازی پێویستی تێدا بكرێت و كامێرای تێدا جێگیر بكرێت لەگەڵ هەڵگرتن و كۆگاكردنی ماددەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن.

بەپێی بڕیارەكەی پەروەردە، ماوەی پێنج بۆ ١٣ـی مانگی تشرینی دووەم، لە قوتابخانەکان دەوام نابێت و دەكرێتە پشوو ئەوەش بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، كە لە رۆژی ١١ـی تشرینی دووەمـی ئەمساڵ، لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بەڕێوەدەبرێت.













گەلەری