سەردێڕ:

عێراق و تورکیا رێکەوتنێکی نوێ لەبارەی نەوت واژۆ دەکەن

PM:06:46:22/07/2025

1888 جار خوێندراوەتەوە

بەغدا و ئەنقەرە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ رێککەوتنێکی فراوانتر سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی تەمموزی ٢٠٢٥، ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ئامانج لە رێککەوتنە نوێیەکە بنیاتنانی میکانیزمێکی هاریکاری گشتگیرە، کە روانگەیەکی فراوانتر و دیدێکی هاوبەش لە بواری وزەدا لەخۆ بگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینی دەکرێت هاریکارییەکی ڕوون و درێژخایەن لە بوارەکانی وەبەرهێنانی نەوتی خاو و غازی سروشتی، پەرەپێدانی کێڵگە هایدرۆکاربۆنییەکان، هاوبەشی لە وەبەرهێنانی پترۆکیمیاوی و پاڵاوگەکان، پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا، پەرەپێدانی بازرگانی نەوت و غاز و کارەبا بە شێوەیەکی فرە رەهەند ئەنجام بدرێت.

روونیشیکردەوە کە ئەو چاکسازییانەی پەیوەستن بەو توانایەی لە داهاتوودا بۆ عێراق تەرخان دەکرێت لە سیستمی هێڵی بۆری کە لە دوو هێڵ پێکهاتووە بە توانای گواستنەوەی کۆی گشتیی رۆژانە ١،٥ ملیۆن بەرمیل و تێرمیناڵی بۆتاش (BOTAŞ) جەیهان لەلایەن هەردوولاوە تاوتوێ دەکرێن.

هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق - تورکیا، بەپێی رێککەوتنەکە و پرۆتۆکۆڵە پەیوەندیدارەکان کە لە ساڵی ١٩٧٣ واژۆکراوە و لە ساڵی ٢٠١٠ نوێکراوەتەوە، بەڕێوەدەبرێت.

ئەو هێڵە کە بووەتە هێمایەک بۆ پەیوەندی وزەی نێوان هەردوو وڵات، لە هەمان کاتدا گۆڕانی هەلومەرجی ناوچەکە، گەشەسەندنی بازاڕەکانی وزە و زیادبوونی چاوەڕوانییەکانی هەردوو وڵات تواناى پێکھاتەى رێککەوتنى ئێستا بۆ وەڵامدانەوەى پێداویستییەکانى ئەمڕۆی سنووردارکردووە، ئەمەش لەگەڵ تێپەڕبوونى کاتدا بووەتە ھۆى ئەوەى پێویستى بە چاکسازی نوێ لە ئاستى بازرگانیی، یاسایى و پێکھاتەییدا ھەبێت.

دوێنێش بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە کۆتایی هاتنی رێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو لە ٢٧ـی تەمووزی ٢٠٢٦دا، کە لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە تا ئێستا لە نێوان تورکیا و عێراقدا کاری پێدەکرێت، لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکرایەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەست بە گفتوگۆکان کراوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی گشتگیرتر.













گەلەری