سەردێڕ:

حکومەتی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

PM:08:24:21/07/2025

89932 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێم بڕیاریدا و دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت پێویستە نەوت رادەست بکرێت پاشان مووچە دەنێردرێت، وتیشی، ئه‌و ریککەوتنە كۆتایی به‌ ساڵانێك له‌ چاره‌سه‌ری كاتی ده‌هێنێت و پابه‌ندبوونی یاسایی و گه‌ره‌نتی ده‌ستووری دروستده‌كات.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٥، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی عێراق رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، رووداوێكی گەورەیە و كۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵەی پەیوەندیی دارایی لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان دەهێنێت و قۆناغێكی نوێی دادەمەزرێنێت كە دەستوور و پابەندییە یاساییەكانی بودجە دەخاتەپێش هەر رێككەوتن و تێگەیشتنێكی سیاسی.

وتیشی، بڕیارەكە پشت بەستووە بەو بنەمایانەی كە لە بودجەی سێ ساڵەدا هاتوون و ئەم جارە بەشێوەیەك كارایە، كە یاسا دەخاتە سەرو هەموو ئاڵنگارییەکی سیاسی كە ئەوەش وەرچەرخانێكی نوێیە لە سیاسەتی حکومەتدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی دەقی بڕیارەكە، هەرێم پابەنددەكرێت بە رادەستكردنی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و ٥٠ هەزار بەرمیلیش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی لە پارێزگاكانی هەرێم، سۆمۆ هەناردەی نەوتەكە دەگرێتە ئەستۆ و داهاتەكەی دەخاتە خەزێنەی گشتی كە خەزێنەیەكی یەكگرتووە.

ئەوەشی روونکردەوە، ئەم رێكارە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا لەبارەی تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکدەگرێتەوە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاسای بودجە، گەرەنتی دەكات.

باسی لەوەشکردووە، بڕیارەكە دۆسەی داهاتە نانەوتییەكانی وەك گومرگ و باج لەخۆدەگرێت و هەنگاوی یەكەم بۆ یەكلاییكردنەوەی گشتگیر و بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و بنەمای یاسایی بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان دادەنێت، ئەوەش نەك تەنیا لەگەڵ هەرێم بەڵكو لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش جێبەجی دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەكە میكانیزمی جێگرەوەی تێدایە بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامی پابەندییەكان، لەكاتی بوونی كۆسپ بۆ هەناردەی نەوتی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، ئەو بڕە نەوتەی كە بڕیاری لێدراوە لەلایەن هەرێمەوە رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە دەروازەی دیكەوە هەناردەی بكات.

عەوادی جەختیشیکردەوە، ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە كە بەشێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی پەیوەندییەكان و كەمكردنەوەی گرژییە سیاسییە دووبارەكان دەبێت وە دەبێتە مایەی بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشكردنی سامانەكان بەشێوەیەکی دەستووریی و نیشتیمانی.


 













گەلەری