سەردێڕ:

٢٤ کاتژمێرە ئاگرەکەی سنووری چۆمان کۆنترۆڵ نەکراوە

PM:12:17:19/07/2025

2520 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی وت، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەی مین رێژکراوەوە، ناتوانن ئاگرەکەی دوێنێ شەوی چیای حەسان سەکران لە سنوورەکە کۆنترۆڵ بکەن.


ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥، رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوێنێ کاتژمێر ١٢ و ٢٥ خولەک ئاگادارکرانەوە بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە چیای حەساری سەکران لە سنوری چۆمان، کاتژمێر چواری ئێوارە کۆنترۆڵیان کردووە، بەڵام دواتر بەهۆی پاشماوەی ئاگرەکەوە، دوبارە سەری هەڵدایەوە و ناوچەکەش ناوچەیەکی مین رێژکراوە و تیمەکانیان ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە.

وتیشی، ئێستا تیمەکانیان خۆیان ئامادەدەکەن بچینەوە شوێنی رووداوەکە تاکو ئاگرەکە زیان بە گوندەکان نەگەیەنێت، بەڵام ناتوانن تیمەکانیان بنێرنە ئەم شوێنانەی کە مین رێژن، بۆیە ناچارن تەنها رێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە لە ناو گوندەکان.

دەشڵێت، هۆکاری ئاگرەکە بەتەواوی دیار نییە و شەوی رابردوو چەند شایەتحاڵێک پێیان وتوون کە بەهۆی بوونی بەراز و بەرکەوتنیان مین، ئاگرەکە دروست بووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە دوورە لە راستییەوە.

باسی لەوەشکرد، لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن لە راستی و درووستی هۆکاری رووداوەکە.

 


کەریم کەیفی-سۆران













گەلەری