PM:07:25:14/07/2025
2920 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتییان لە سنووری ناحیەی وەرتێ هاوڵاتییەک بەناوی حەسن رەحمان کوژراوە، دەشڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەکردن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی تەمموزی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردووە، شەوی رابردوو بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتییان لە سنووری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاوڵاتییەک بەناوی حەسن رەحمان بووەتە قوربانی.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، دوا بە دوایی رووداوەکە دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون
بۆ لێکۆڵینەوەکردن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی.
باسی
لەوەشکردووە، هاوڵاتیان و کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکەنەوە کە مافی هەموو
لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، شەوی رابردوو بەشێک لە دانیشتوانی وەرتێ و بالیسان لە سنووری سۆران دژی
نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان گردبوونەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتیەک لەلایەن بەرپرسێکی
پارتیەوە شەهید کرا هاوکات
ژمارەیەکی دیکە لە خۆپیشاندەران برینداربوون.