سەردێڕ:

راوێژکاری دارایی سودانی: نامەکەی ترەمپ دەرفەتێکی ستراتیژییە نەک هەڕەشە

PM:03:46:10/07/2025

1936 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، نامەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا گوزارشت لە هەنگاوێکی ئەرێنی دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی بازرگانیی‌ و وەبەرهێنان لەنێوان عێراق‌ و ئەمریکا، پێویستە وەک دەرفەتێکی ستراتیژیی سەیربکرێت نەک وەک هەڕەشەیەک.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی تەمموزی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ لەگەڵ رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی ٢٠٠٨دا یەکدەگرێتەوە و ئامانج لێی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری ئابوریی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیامەکە کە تیایدا باجی گومرگی بە رێژەی ٣٠٪ لەسەر هەناردەی عێراق هاتووە، ئەم رێکارەی بە"نالۆژیکی" وەسفکرد و وتیشی، هەناردەی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکیی بریتییە لە نەوتی خاو، کە پێشوەختە لە گومرگ بەخشراوە.

وتیشی"هیچ هەناردەیەکی تری عێراقی بۆ بازاڕی ئەمریکا نییە کە پاساو بۆ ئەمجۆرە رێکارە بهێنێتەوە".
باسی لەوەشکرد،"عێراق ساڵانە بە بەهای یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەلوپەل‌ و خزمەتگوزاریی ئەمریکی گرنگی ستراتیژی هاوردە دەکات، وەک ئامێری ئەندازیاریی ‌و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کە پاڵپشتی کەرتی بەرهەمهێنان ‌و خزمەتگوزاری وڵاتەکەی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا رێگە خۆشکەرە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکان‌ و هاندانی هاوردەکردنی کاڵای کوالێتی بەرز، کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی عێراق دەکات، ئەمەش هاوکارە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوریی نیشتمانیی ‌و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.

جەختیشیکردەوە، "نابێت نامەی سەرۆکی ئەمریکا لە سنورێکی تەسکدا لێکبدرێتەوە، بەپێچەوانەوە، دەرفەتێکی ستراتیژیی دەخاتەڕوو بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی ئابوریی فراوانتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش ‌و رێزگرتنی یەکتر و زیادکردنی داهاتی گەشەپێدان بۆ هەردوولایەن.

 













گەلەری