سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: ئەگەر هەرێم دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت؛ راستەوخۆ مووچە دەنێردرێت

AM:11:38:05/07/2025

5512 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، هەرێم بە بەغدای وتووە ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین هەرچەندە لەوەش زیاترە، بەغداش بەو بڕە رازییە و دەڵێت ئەگەر نەوتەکە رادەست بکەن راستەوخۆ مووچەیەک دەنێرن، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بێباکیدا پابەندنابێت بە داواکارییەکانی بەغداوە.


ئەمڕۆ شەممە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، هەرێم بە بەغدای وتوە ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا ئاشکرایە بەرهەمی نەوتی هەرێم لەوە زیاترە و بە پێی دیوانی چاودێری دارایی، بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم ٤٢ هەزار بەرمیل نەوتە و هێشتا بەغدا رازییە بەو ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم و داوادەکات رادەستی بکەن.

وتیشی، زۆرینەی کۆمپانیاکان رازین بە داواکارییەکانی بەغدا، هەروەها بەغدا داوایکردووە لە هەرێم کە مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکات و ئەگەر هەرێم دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، راستەوخۆ مووچەی مانگێک دەنێردرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بێباکیدا پابەندنابێت بە داواکارییەکانی بەغداوە.  

باسی لەوەشکرد، حکومەتى عێراق رەشنوسێکی نوێی لەسەر پێشنیازەکان ئامادەکردووە و چاوەڕوانی رەزامەندی هەرێمە، ئەگەر هەرێم رازیبێت بە رەشنوسەکەى بەغدا، سێشەمەى داهاتوو حکومەتى عێراق تاوتوێی دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەختیشیکردەوە، " ئێمە لە دەرەوەى حکومەتى عێراقیشین بەڵام هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری کێشەکان بەردەوامە، ئەگەر زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەدەستبهێنین دۆخی موچەخۆران چاکدەکەین".














گەلەری