سەردێڕ:

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی ئاسمانی عێراقەوە زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکە گەشتییان ئەنجامداوە

PM:09:44:27/06/2025

4948 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق دەڵێت، دوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە رووی هاتووچۆی فڕۆکەکاندا لە ئاسمانی عێراق، فڕۆکەخانەکانی عێراق وردە وردە گەشتەکانیان ئاسایی دەبێتەوە و دەشڵێت، هاتووچۆکردنیان زۆر چالاکە لە ئێستادا و پێشبینیش دەکرێت لە ماوەیەکی تردا زیاتر چالاک بێت.


ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق وتی، دوای کردنەوەی ئاسمانی عێراق هاتووچۆ و گەشتی فڕۆکەکان زۆر چالاک بوون، لە رۆژی یەکەمدا زیاتر لە ١١٤ فڕۆکە ئاسمانی لە عێراقەوە گەشتیان کرد و لە رۆژی دووەمیشدا ژمارەکە دوو هێندە زیادی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەسرە و نەجەف هەموویان شاهیدی چالاکییەکی بەرچاو بوون لە هاتووچۆی ئاسمانی عێراق و ئەم هاتووچۆیە وردە وردە دوای ماوەی داخستنەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت.

باسی لەوەشکرد، کۆمپانیای گشتی بۆ خزمەتگوزارییەکانی هێڵی ئاسمانی پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی تر دەکات بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی عێراق وەک رێڕەوێکی سەرەکی، بە لەبەرچاوگرتنی سەقامگیری ئاسمانی عێراق.

سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق وتی، دوێنێ ١٣ گەشت و ئەمڕۆ ١٥ گەشت ئەنجامدراون، بڕیارە رۆژانە ٢٨ گەشت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات، کە بەسەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف دابەش دەکرێت.

دەشڵێت، پێویستە جیاوازییەکە روون بێت لە نێوان چالاکییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لەلایەک، لەگەڵ جوڵەی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی عێراقدا لەلایەکی دیکەوە.

وتیشی، ژمارەی گەشتی فڕۆکەی ئاسمانی لە رۆژی یەکەمدا گەیشتە ١١٤ گەشت و لە رۆژی دووەمیشدا دوو هێندە زیادیکرد زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی کەنداو وردە وردە گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق وەک رێڕەوی خۆیان.

ئەوەشی خستەڕوو، فڕۆکەخانەی بەسرە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا رۆژانە ٢٣ گەشتی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا فڕۆکەخانەی بەغدا ٣٦ گەشتی تۆمارکردووە، بەهەردوو هاتن و رۆیشتن.













گەلەری