سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاریی لە هەرێم دەڵێت، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان سەرجەم كۆمپانیاكانی گەشتیاری زەرەرمەندبوون و دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوو سەرجەم گەشتەكان ئاسایی دەبنەوە.
ئەمرۆ سێشەممە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بەیانی یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە بۆ ئەستەنبوڵ و بەیروت دەستپێدەكاتەوە و لە رۆژانی داهاتوو سەرجەم گەشتەكان ئاسایی دەبنەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو كەسانەی تكتیان هەیە و
هەڵنەوەشێندراوەتەوە دەتوانن تكتەكانیان بگۆڕن و گەشتەكانیان بكەن.
وتیشی، پێشبینی دەكرێت هەموو ئەو كۆمپانیانەی
گەشتەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوو دەست بە گەشتەكانیان
بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژانە بەلایەنی كەم ٣٥ گەشت
لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەكران، سەرجەم كۆمپانیاكانی گەشتیاری
زەرەرمەندی بوون، تاوەكوو ئێستا قەبارەی زیانەكانیان نازاندرێت، بەڵام لە رۆژانی
داهاتوودا بڵاویدەكەنەوە.
هەر ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی
ماوەبەسەرچوو بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ كاتژمێر ٣ـی دوای نیوەڕۆ، یەكەم گەشتی فڕۆكەوانی
لە هەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەست پێدەكاتەوە.
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی نێوان
ئێران-ئیسڕائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە، كایەی ئاسمانی عێراق
كرایەوە و گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی
دەستیپێكرانەوە.