PM:04:31:31/07/2025
1344 جار خوێندراوەتەوە
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق لە مانگی داهاتوو دەستدەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و تا کۆتایی ساڵ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی بازارەکانی جیهان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ـی تەممووزی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، لە دوای ساڵی ٢٠٢٣، عێراق بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، گرێبەستی لەگەڵ ئۆپیک پلەس واژۆ کرد، کە بەشێوەیەکی خۆبەخش، ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم بهێنێت، لە مانگی ئاب ئەو گرێبەستە کۆتایی پێدێت و وەکوو پێشتر، دەست دەکات بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد،
مانگی حوزەیرانی رابردوو (ئۆپێک پلەس) بڕیاری دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز
بکاتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق بەهۆی ئەو گرێبەستەی، ساڵی ٢٠٢٣ واژۆی کردبوو،
نەیدەتوانی راستەوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات، ئێستا کە مانگی ئاب ئەو
گرێبەستە کۆتایی دێت، عێراق دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات و هەناردەی
بازاڕەکانی جیهانی بکات.
دەشڵێت، تا
کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق، بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل
نەوت بەرز دەبێتەوە و هەناردەی بازارەکانی جیهانی دەکەن، بەمەش لێکەوتەکانی
دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابووریی عێراق کەمدەکاتەوە و مەترسییەکان دەرەوێنێتەوە.