سەردێڕ:

شەوی رابردوو چی روویدا؟

AM:09:32:22/06/2025

4332 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا بە فرۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و ئەسفەهان و نەتەنزی ئێران و ئێرانیش دەڵێت، هێرشدەکەنە سەر هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەشڵێت، بەردەوامدەبن لە پیتاندنی یۆرانیۆم.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەرتۆمییەکانی ئێران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، هێرشەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کاریگەری هەمیشەیی دەبێت، دەشڵێت، هەموو مافێکیان هەیە بۆ وەڵامدانەوە.

ترەمپیش وتی، بە فرۆکەی بی توو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان، دەشڵێت ئەگەر ئاشتی بەدی نەیەت هێرشی دیکەش دەکەنە سەر ئێران، وتیشی، هێرشەکەیان  لە رووی سەربازییەوە زۆر سەرکەوتوو بووە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بە تەواوی وێرانکردووە.

میدیا ئیسرائیلییەکانیش دەڵێن، زیاتر لە ٣٠ تەن موشەک لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ بەکارهاتووە و لە ئێستادا هێرشەکانیان بۆسەر ئێران راگرتووە.

میدیا ئێرانییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، پێشبینی ئەو هێرشەیان دەکرد بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ هەر بۆیە پێشتر چۆڵیان کردووە، دەشڵێن، دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەم هێرشەدا زیانێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە.

ئاژانسی ئەتۆمی ئێرانیش باسی لەوەکرد، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن ئیدانەی هێرشەکەی سەر ئێران بکات و چونکە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان کارێکی دڕندانەیە و جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێرانیش وتی، هێرشێکی نوێی موشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و لە هێرشەکەشدا کۆمەڵێک ناوچەی ستراتیژی و فرۆکەخانەی بنگۆریۆیان کردووەتە ئامانج.

 باسی لەوەشکردووە، وەڵامی ئەمریکا دەدەنەوە و هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسوتێنن. دەستەی فریاگوزاری ئیسرائیلیش دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران ١٨ کەس برینداربوون و چەندین باڵەخانەش روخاون.

 

 













گەلەری