سەردێڕ:

هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە تورکیا ئاگاداردەکرێنەوە

PM:09:27:14/06/2025

19388 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت، هەر هاوڵاتییەک لە تورکیا گیری خواردبێت ڤیزای ترانزێتی پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە و لە قوناغی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی هەرێم دابین بکرێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا وتی، لە رێگەی لێژنەیەکی تایبەت لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی وڵاتی تورکیا لە پەیوەندی بەردەوام بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هاوڵاتییەک لە تورکیا گیری خواردبێت ڤیزای ترانزێتی پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەوەی بە رێگای وشکانی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێ بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە.

باسی لەوەشکرد، لە قوناغی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی هەرێم دابین بکرێت و ئەمڕۆ ٥٠ کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشتیار و بەرپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل- خابوور دەربازی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان دابین کرابوو.

وتیشی، لە رێگەی کونسوڵگەری گشتی تورکیا لە شاری هەولێر ئاگادارکرانەوە کە هەموو هاوڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەرێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێدەدرێت.













گەلەری