سەردێڕ:

پارێزگاری هەولێر: لە کۆگاکاندا خۆراكی زۆر هەیە و بەشی ماوەیەكی زۆر دەكات

PM:04:31:14/06/2025

1444 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هاتووچۆی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هەرێم ئاساییه ‌و رێگه‌ ناده‌ن ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بۆ گرانكردنی نرخی كاڵاكان بقۆزرێته‌وه.


ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر كەلوپەلی خۆراك و بازاڕ وتی، رێگه‌ ناده‌ن ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بۆ گرانكردنی نرخی كاڵاكان بقۆزرێته‌وه.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ كێشەیەك نییە و پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە سنوورەكان كراوەن و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی بەردەوامە، جگە لەوە لە كۆگا بارزگانییەكان و كۆگاكانی دیكەش، خۆراكی زۆر هەیە و بەشی ماوەیەكی زۆر دەكات.

باسی لەوەشکرد، هەوڵ هەبووە كەلوپەل و خۆراك لە بازاڕی هەولێر گران بكرێت، بەڵام لیژنەكانی چاودێریی بازاڕ گەڕان و پشكنینەكانیان چڕ كردەوە و كاری خۆیان كردووە كە ئەو بارودۆخە نەقۆزێتەوە بۆ گرانكردنی بازاڕ.

وتیشی، رەنگە نرخی دۆلار كاریگەریی بۆ سەر بازاڕ و كەلوپەل هەبێت، بەڵام كە سنوور كراوە بێت و خوراك بگاتە كوردستان، پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات و هەرێمی كوردستان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران تێوەنەگلاوە و هیچ گرفتێكی نییە.

لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكانیشەوە ئەوەی خستەڕوو، وەستانی گەشتەكان و داخستنی ئاسمان تەنیا هەرێمی كوردستان نییە و عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشی گرتووەتەوە، هەرچەندە خەریكە وڵاتانی دەوروبەر گەشتەكان دەست پێ دەكەنەوە و حكومەتی ماوەبەسەرچوو ئاسانكاری بۆ هەر هاوڵاتییەكی كوردستان دەكات، ئەگەر لە دەرەوەی وڵات گیری خواردبێت.













گەلەری