سەردێڕ:

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩: سزادانی مانگرتوو نەریتێكی نا دیمۆكراتییە

PM:02:07:10/06/2025

1020 جار خوێندراوەتەوە

دوای راگەیاندنی بایكۆتی پزیشکانی خولاو و سزادانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی هەولێرەوە تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ دەڵێت، بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لەگەڵ حوكمەكانی یاسای ژمارە ١١ـی ساڵى ٢٠١٠ یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكاندا ناكۆكە و نەریتێكی نادیموكراتییە، داوادەكەن هەڵبوەشێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دوای راگەیاندنی بایكۆتی پزیشکانی خولاو و سزادانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێرەوە تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ وتی، بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لەگەڵ مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكاندا ناكۆكە و داوادەکەن هەڵبوەشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، پێناسەی چالاكییە مەدەنییەكانی كردووە كە گردبوونەوەی گشتی بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری لەخۆدەگرێت.

وتیشی، باشتربوو بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، داوای پزیشكە ناڕازییەكان وەربگرێت، پاشان لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆببێتەوە بەمەبەستی چارەسەری گونجاو لە ماوەیەكی دیاریكراوی گونجاودا، نەك پەنا بۆ سزادانیان ببات.

هەروەها، تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ نیگەرانى دەردەبڕێت لەوەى سزای پزیشكانی هەولێر بكرێتە پێشینەیەك بۆ سزادانی ئەو چین و توێژانەی لە رێگەی چالاكیی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن، لەبری پەنابردن بۆ بڕیارێك كە داوا رەواكانیان كە داوای ١٦٠٠ پزیشكە، جێبەجێبكەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان و سۆران، بایکۆتی دەوامیان کردوو و تەندروستیی هەولێریش بەهۆی داواکردنی مافی رەوایی خۆیانەوە ١٣ پزیشكی نیشتەجێی خولاوی لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێركاری سزاداوە و لە نوسراوێكی هاوشێوەدا، حەوت پزیشكى دیکە لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بەهەمان هۆكار سزادراون.

تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی ١٩ـی جاڕنامەكە.













گەلەری