AM:09:31:10/06/2025
884 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سەرۆكی ئەمریكا دوو وادەی جیاواز دیاری دەكەن بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، بڕیارە یەكشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەكانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا لە شاری مەسقەت بەڕێوەبچێ و دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە گەڕێكی نوێی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت.
بەقایی، لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، عەباس عێراقچی،
وەزیری دەرەوەی ئێران كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی دانوستانكاری ئەو وڵاتەیە، رۆژانی
چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت بۆ نەرویج دەكات.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێگەی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاندبوو،
تاران بەنیازە لە رێگەی عومانەوە پێشنیارێك ئاڕاستەی ئەمریكا بكات لەبارەی بەرنامە
ئەتۆمییەكەی.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەكانەوە
بڵاویكردەوە، ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی
ئەمریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەخاتەڕوو، وەڵامەكە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی
كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە دەگەیەنرێت.
وتیشی، پێشبینی دەكرێت ئێران لە وەڵامەكەیدا پێشنیازێكی جێگرەوە بۆ
رێككەوتنەكە بخاتەڕوو، كە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر
خاكی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی و بانگەشەكانی
ئەمریكا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی كاریگەریانەی سزاكان.