حکومەتی سعودیە، کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵی بە سەرکەوتووی راگەیاند، نێردەی حەجی عێراقیش بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سعود بن میشعەل، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە دەڵێت، حەجی ئەمساڵ لە رووی ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
کۆی گشتی حاجیانی ئەمساڵ یەک ملیۆن
و ٦٧٣ هەزار و ٢٣٠ کەس بوون کە دابەشکراون بەسەر دوو بەشی جیاوازدا، ئەوانیش
حاجیانی ناوخۆی سعودیە کە ژمارەیان ١٦٦ هەزار و ٦٥٤ حاجییە، لەگەڵ حاجییانی دەرەکی
کە ژمارەیان یەک ملیۆن ٥٠٦ هەزار و ٥٧٦ حاجی بووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئەمساڵ
ژمارەی حاجیان لە رەگەزی نێر ٨٧٧ هەزار و ٨٤١ حاجی بووە، حاجیانیش لە رەگەزی مێ
ژمارەیان ٧٩٥ هەزار و ٣٨٩ حاجی بووە، دەستەی ئامار دەڵێت، تێبینی زیادبوونی رێژەی
بەشداری رەگەزی مێ لە حەجی ئەمساڵدا کراوە.
لە لایەکی دیکەوە فایەق زەیدان،
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پیرۆزبایی لە حاجیانی عێراق کرد و وتی، بۆ
سێیەم ساڵ لەسەریەک عێراق لەناو نوێنەرایەتییەکانی حەجی ئیسلامی پلەی یەکەمی
بەدەستهێناوە، هیوای گەڕانەوەی سەلامەتیش بۆ حاجییە عێراقییەکان دەخوازێت.