سەردێڕ:

بەرهەمی گەنم لە عێراق گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تۆن

AM:10:01:19/05/2025

1372 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى بازرگانى عێراق بڵاویکردەوە، تا ئێستا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیارانى باشووری عێراق وەرگرتووە و وڵاتەکە ئەمساڵیش لە بەرهەمى گەنمدا گەیشتووەتە ئاستى پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆ.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٥، وەزارەتی بازرگانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاند، بڕی گەنمی ئەم وەرزە لە بازاڕدا گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تۆن و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنەکردن لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق، بەرهەمی گەنم بەردەوام دەبێت لە زیادبوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندبوو، هەموو هەوڵەکانی خۆیان لە سەرجەم پارێزگاکان خستووەتەگەر بۆ ئەوەی لە وەرزی دروێنەکردنی گەنمدا بەشێوەیەکی باش پرۆسەکە بەرێوەبەرن.

هاوکات، لە ماوەکانی رابردووش وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وتبوو، پێشبینی دەکەن ئەمساڵیش بەرهەمی گەنم بگاتە ئاستی خۆبژێوی و لە پلاندایە شەش ملیۆن تەن وەربگرن.

 













گەلەری