سەردێڕ:

پزیشکانی دانەمەزراو: ئەگەر تا ٧٢ کاتژمێر گرفتەکان چارەسەر نەکرێن بایکۆت دەکەین

PM:07:52:17/05/2025

2124 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی خولاوی دانەمەزراو لە دهۆک لە بەرامبەر نەبوونی دامەزراندنیان گردبوونەوە و دەڵێن، حکومەتی کاربەڕێکەر داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنی فەرمی و پلەبەندی پشتگوێ خستووە و ئەگەر ئەم گرفتانە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا چارەسەر نەکرێن، بایکۆت دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٥، ژمارەیەک پزیشکانی دانەمەزراو و نزیکەی ٩٨ پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە شارەکانی دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا لە دژی نەبوونی دامەزراندن و پلەبەندی بۆ ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٢٣وە لە نەخۆشخانەکانی هەرێم کار دەکەن.

وتیشیان، ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وەڵامی داواکارییەکانیان نەداتەوە و چارەسەری پێویست نەکات، ئەوا دەست بە بایکۆتی دەوام دەکەن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام لە نەخۆشخانەکان خزمەتیان کردووە و ئێستاش وەزارەتی تەندروستی هەرێم داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنی فەرمی و پلەبەندی پشتگوێ خستووە.

باسیان لەوەشکرد، ئەم پشتگوێخستنەی حکومەتی کاربەڕێکەر پێشێلکردنی سەرەکیترین مافیانە.
جەختیان لەوە کردەوە، بەپێی یاسا پێویست بوو تا ئێستا دامەزرابن، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی خزمەتە تەندروستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی خۆیان
.













گەلەری