سەردێڕ:

هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

PM:01:54:08/05/2025

11596 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا شۆفێران و فرۆشیارەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، هەر شۆفێرێک پێچەوانەی رێنماییەکان ئۆتۆمبێلەکەی جام رەش بکات، سزا دەدرێت بەبڕی ٥٠٠ هەزار دینار و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە سۆشیاڵ میدیا و ئەو فرۆشیارانەی کاری جوانکاری ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن، بەناو هاوڵاتییاندا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە جامی بەردەم شۆفێر و جامی سەر سندووق (جامی دواوە) ئاساییە رەشکرابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و لەبەرئەوەی ئاستی بینین کەمدەکاتەوە قەدەغەیە و پێویستە بەپێی رێنماییەکان کاریان پێبکرێت.

هاوکات، شۆفێران و فرۆشیارەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە لە کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی رێژە، ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای رەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ بە رێژەی بەرزتر قەدەغەیە و سەرپێچیکار روبەڕووی یاسا دەبێتەوە.

هاتووچۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم مەفرەزە گەڕۆکەکانی هاتووچۆ ئاگادار کراونەتەوە ئامێری پێوەری رێژەی جام ڕەشکردن بەکاربهێنن تا ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت.













گەلەری