سەردێڕ:

بەڕێوەبەری دراوی بیتسکۆینی ئەلکترۆنی لە دهۆک دەستگیرا

PM:11:50:06/05/2025

2624 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری دراوی بیتسکۆینی ئەلکترۆنی لە دهۆک دەستگیرا، کە بە پشتیوانی بەرپرسانی باڵای پارتی زیاترلە ٢٠ ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانیان لەو دراوەدا بەشدار کردووە و دواتر بردوویانە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٦ـی ئایارـی ٢٠٢٥، پەیامنێری ئێن ئاڕتی وتی، لە دهۆک بەڕێوەبەری دراوێکی ئەلکترۆنی بەناوی بیدسکۆین دەستگیرکرا، کە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی لە سنووری دهۆک تێدایە، وتیشی پێشتر چەندین سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەر و بریکارەکانی ئەو دراوە ئەلکترۆنییە تۆمارکراوە.

باس لەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتیانە کە بەشداریان کردووە لەو دراوەدا پارە و ئۆتۆمبێل و خانوو و دوکانی خۆیان فرۆشتووە بۆ ئەو سیستمە و تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ روونکردنەوەکیان لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی هاوڵاتیان نەداوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەشڵێت، زۆربەی بەرپرسانی پارتی و میدیاکانی دەسەڵات پشتیوانی بیتسکۆین دەکەن و بەردەوام رێکلامیان بۆ کردووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها هاوڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە و چارەنوسی زیاترلە ٢٠ ملیۆن دۆلاریان نادیارە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر چەندین جار سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەر و بریکارانی دراوی بیتسکۆین تۆمارکراوە و دەستگیرکراون، بەڵام بەهۆی پشتگیریکردنیان لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە سکاڵاکانیان لە دادگا پشتگوێخراوە و ئازادکراون.













گەلەری