PM:11:12:17/04/2025
1844 جار خوێندراوەتەوە
چاوەروان دەکرێت سەرەتای هەفتەى داهاتوو حکومەتى عێراق دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگی چوار بکات، بەڵام هێشتا حکومەتى کاربەڕێکەر لیستى مووچە و داهاتى ناوخۆی رادەست نەکردووە هەرچەندە پێشتر رێککەوتنى لەسەر کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ـی نیسانـی ٢٠٢٥، بەپێی سۆراغی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، سەرەتایی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە تەمویلی مووچەی وەزارەت و پارێزگاکانی دەکات، بەڵام هێشتا هەرێم لیستی مووچەی بۆ بەغدا نەناردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەینێرێت.
هەروەها، بەهۆی دواکەوتنی ناردنی لیستەکە، ئەگەر تەمویلی مووچەی هەرێم لەگەڵ وەزارەت و پارێزگاکانی عێراقیش بکرێت دەکەوێتە کۆتاییەکانی پرۆسەکەوە کە ئەوەش دەکاتە کۆتایی مانگی چوار.
هاوکات، پێشتر وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی وت، وا بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا هەرێم لیستی موچە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و وتیشى چاوەروان دەکەن کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەکە بگاتە هەرێم.