سەردێڕ:

ئاسایشی هەرێم: له‌ دوو ئۆپه‌راسیۆندا ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر ٢٠ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر

PM:11:30:16/04/2025

1476 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەدوو ئۆپەراسیۆندا دەستیگرت بەسەر بڕی ٢٠ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و لە رووبەڕووبوونەوەیەكیشدا دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە شەقامی بازنەی مەلیك مەحمود دەستگیركرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ـی نیسانی ٢٠٢٥، دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە چالاكی یەكەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتی ماددەهۆشبەرەكان بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش، رۆژی ١٣ـی ئەم مانگە لە ناوچەیەكی سنووری هەورامان، توانیان دەستبگرن بەسەر بڕی ١٠ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چالاكی دووەم، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە رۆژی ١٤ـی ئەم مانگە لەرووبەڕووبوونەوەیەكدا لە شەقامی بازنەی مەلیك مەحمود، توانیان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ١٠ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بەماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە ئەقڵییەكان راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.













گەلەری