PM:03:47:14/04/2025
4264 جار خوێندراوەتەوە
پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە و هۆكارەكانی دەرچوونی یاساكە پێكهاتووە و هەرچوار ماددەكە دەنگی لەسەردرا و هەڵەبجە بووە ١٩ـەمین پارێزگای عێراق، هەروەها، فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەسکەوتێکی گەورە بوو بۆ کورد.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵبجەی پەسەندکرد، هەروەها، ئاریان تاوگۆزی، پەرلەمانتار نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زۆر دڵخۆشین بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و وتیشی، هیوادارم بە پارێزگابوونی هەڵبجە تەنیا لەسەر کاغەز نەبێ و ئاوڕێکی تەواوی لێ بدرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پڕۆژە یاسایەکی دیکەیان پێشکەش کردووە کە ئێستە چوەتە لیژنەی یاسایی و ئەویش بە جینۆساید ناساندنی هەڵبجەیە.
باسی لەوەشکرد، نابێت ئەنفالمان بیر بچێت و ئەنفال و هەڵەبجە بەیەکەوەن و ئێمە وەک و فراکسیۆنی نەوەی نوێ کەس و کاری ئەنفال کراوان لەبیر ناکەین و هەوڵدەدەین کارەساتی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنین.
وتیشی، زەخت لە پارتی و یەکێتی دەکەین بودجەیەکی تایبەت بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت و کاری زیاتری لەسەر دەکەین.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر نەوەی نوێ ١٧ نوسراوی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کردبوو تا پرۆژە یاساکە لە حکومەتەوە چووە پەرلەمانی عێراق.