PM:01:38:14/04/2025
1116 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یادی ئەنفالدا رایگەیاند، "ئەو تاوانە، رووخساری ناشیرین و رەگەزپەرستییانەی رژێمی لە دژی گەلەکەمان و هێزە نیشتیمانییەکان ئاشکراکرد".
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی کوردی لەبارەی یادی ئەنفالەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "عێراقییەکان بە ئازارەوە تاوانی رژێمی لە ناوچوو لە (شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال) و ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی کە ٣٧ ساڵ لەمەوبەر دژ بە رۆڵەکانی گەلی کوردمان ئەنجامدرا، بەبیردێننەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ برایەتی و
پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەسەر هەموو پاڵنەرەکانی رق و کینەدا سەردەکەون، کە بەعسی
سەدامی هەوڵی چاندنی دەدا لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی گەلەکەمان بە پێکهاتە
هەمەچەشنەکەیەوە.
باسی لەوەشکردووە، ستەمکاری لە تاریکیی مێژوودا
کۆتاییپێهات و عێراقییەکان پێکەوە بەردەوامبوون لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و
بەرزڕاگرتنی پێگەی عێراقێکی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر.
سودانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاند، دروود
بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی عێراق.