PM:08:53:12/04/2025
1216 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، پلان و ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و زریانی خۆڵ داڕشتووە و لە ٥٠٪ بۆ ٦٠٪ـی زریانی خۆڵبارین لە دەرەوەی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت و خۆڵبارینیش لەمساڵدا توند نابێت ئەگەر لە مانگەكانی كۆتایی بەهار باران ببارێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی نیسانی ٢٠٢٥، لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، حكومەت هاوكارییەكی بەرفراوانی لەگەڵ زۆرێك لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە و سوود لە شارەزایی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، وەك بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان و بەرنامەی ژینگەیی.
ئاماژەی بەوەشكرد، پلانی زۆر ئامادە دەكرێن و
دەردەچن، هەروەها لێكۆڵینەوەی گرنگ لە بواری زریانی تۆز و خۆڵ و بیابانبوون و
گۆڕانی كەشوهەوا ئەنجام دەدرێت، بەڵام گرنگترین پێداویستی مەرجی رێكەوتننامەی
نەتەوەیەكگرتوەكانە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و ئامادەكردنی پلانێكی
نیشتمانیە.
باسی لەوەشكرد، گەردەلولی خۆڵ لەئەنجامی وشكەساڵی
و بیابانبوونەوە دروست دەبن و زۆربەی زریانی خۆڵ لە دەرەوەی سنوورەكانەوە دێت، كە
بەرێژەی ٥٠٪ بۆ ٦٠٪ هەروەها بەشێكیشیان لەناو سنوورەكاندا دروستدەبن.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستنیشانكردنی شوێنە گەرمەكان
لە ئەستۆی دەسەڵاتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوونە كەسەر بە وەزارەتی
كشتوكاڵە، و پلان و ستراتیژیان خستووەتەڕوو لەوانە بەكارهێنانی تەكنیكەكانی
ئاودێری مۆدێرنە و جێبەجێكردنیش پەیوەستە بە وەزارەت و دەستەكانەوە.
وتەبێژی
وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەوەشیخستەڕوو، ئەمساڵ زریانی تۆز و خۆڵ كەم دەبێت و
كاریگەرییەكانیان توند و چڕ نابێت، ئەگەر لە مانگەكانی كۆتایی بەهاردا بڕێك شێ
هەبێت و بڕێك باران ببارێت، ئەمەش هۆكار دەبێت بۆ گەشەكردنی رووەكی سروشتی.