وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی كار لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات و هاوکات كار بۆ وەبەرهێنان لە زیاتر لە ٧٠٪ـی غازی سووتاو دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی نیسانی ٢٠٢٥، لە میانی بەشداریكردنی لەو كۆڕبەندەی كە ژووری بازرگانیی ئەمریكی-عێراقی لە بەغداد رێكیخستبوو، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی نەوت كار لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی وڵات، هەروەها كاردەكات بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە ٧٠٪ـی غازی سووتاو.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەم كۆبوونەوانەی وەفدی ئەمریکا
و عێراق، تەواوكەری زنجیرەیەك كۆبوونەوەی پێشووی خاوەنكارە عێراقییەكان و هاوبەشە
نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكییەكانی تایبەت بە نەوت، وزە و
وەبەرهێنان.
باسی لەوەشکرد، بەردەوامیی ئەو كۆبوونەوانە،
بەڵگەیە لەسەر جددیەتیی هەردوولا لە كاركردن پێكەوە لە ژینگەیەكی وەبەرهێنانی
ئومێدبەخشدا لەسەر ئاستی تەكنیكی و ئابووری.
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، پیشەسازیی نەوت لە
عێراق، بڕبڕەی پشتی ئابوورییەکەیەتی، بەتایبەتی لەم قۆناغە گرنگەی ئێستادا،
وەزارەت پەرەیداوە بە دیدگایەكی روون، بۆ پیشەسازیی وزە و كەمكردنەوەی دەردانی
غازی ژەهراوی.