سەردێڕ:

ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە ٤٧ەمین سەرۆکی ئەمریکا

PM:08:20:20/01/2025

2396 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرێس سوێندی یاسایی خوارد و وەک ٤٧ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و جێگرەکەی سوێندی یاساییان خوارد و ترەمپیش بۆ دووەمین جار وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو.

هاوکات، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئاهەنگەکەدا بەشداریی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەستاودەستی دەسەڵاتیان کرد.

پێشتر وەک نەریتێک لە کاتی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، خەڵک پێشوازیان لێ دەکرد، بەڵام بەهۆی کەشێکی ساردەوە، هیچ کۆبونەوەیەکى گشتى بۆ ترەمپ رێکنەخرا و تەنها لە هۆڵی ڕۆتوندا لە کۆنگرێس پێشوازی لە میوانان و سەرۆکی وڵاتان و دیبلۆماتە نێودەوڵەتییەکان کرا.

هاوکات، نزیکەى ٢٥٠ هەزار کەس بلیتى بەشداریکردن لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونى ترەمپیان بڕیبوو، بەڵام ترەمپ داواى لە لایەنگرانى کرد بەهۆى خراپی کەشوهەواوە تەنها لەڕێگەى تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆنگرێس راستەوخۆ سەیری ئاهەنگەکە بکەن.

هاوکات بۆ یەکەمین جار لە مێژوی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەرۆکی وڵاتان بانگێشت کران بۆ بەشداربون لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ.

هەرچۆنێک بێت، چاوەرێ دەکرێت لە سبەینێوە جیهان رووبەڕووی گۆڕانکاری و دۆخێکی نوێ ببێتەوە چونکە وەک ترەمپ وتیمەکەی باسی دەکەن بە ستراتیژێکی نوێوە سیاسەتی ئەمریکا لە جیهان دادەڕێژنەوە.













گەلەری