بڕیارە سێ شەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی سێیەم لە ساڵی نوێدا ئەنجام بدات و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاساییەک بدات لەوانەش هەمواری بودجە و گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە بڕگەیەکی دیکە زیادکراوە بۆ خشتەی دانیشتنی سبەى کە بریتییە لە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە کە بریتییە لە مادەى ١٢ برگەى "جیم" تایبەت بە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان.
پێشتر راگەیاندنى پەرلەمان بڵاویکردەوە لە دانیشتنى رۆژی سێ شەممە دەنگدان
دەکرێت لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان کە لە سەردەمی
رژێمی پێشوودا لێیان زەوتکرابوو و بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.
هاوکات دەنگدانیش لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی و هەمواری یاسای لێبوردنی
گشتی و پڕۆژە یاسای باری دەروونی دەدرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پڕۆژە یاساکانی هەمواری بودجە و گەڕاندنەوەى زەوی و موڵک
و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و هەمواری یاسای باری کەسی و هەمواری یاسای لێبوردنى
گشتى جێمشتومڕی زۆری سێ پێکهاتە سەرەکیەکەى عێراقن و بەشێکیان چەند جارێک دەنگدان
لەسەریان دواخراوە.